Mobile menu

به‌یاننامه‌ی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی 4 ساڵ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵكوژی خه‌ڵكی شه‌نگال

 

 

چوار ساڵ پێش ئێستا و له‌ رۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆدا، دانیشتوانی شارۆچكه‌ی شه‌نگال و ده‌وروبه‌ری رووبه‌ڕووی گه‌وره‌ترین كاره‌ساتی مرۆیی و مرۆڤایه‌تی له‌سه‌ر ده‌ستی تیرۆریستانی داعش بوونه‌وه‌و به‌هۆیه‌وه‌ به‌ هه‌زاران مرۆڤی سڤیل جينۆسایدكران. له‌و رۆژه‌دا به‌هۆی داگیركردنی شاره‌كه‌یانه‌وه‌ زیاتر له‌ 400 هەزار كه‌س كه‌ زۆربه‌یان ژن و منداڵ بوون و رێگاى دووركه‌وتنه‌وه‌یان له‌ شه‌نگال گرته‌به‌ر و روویان له‌ چیاى شه‌نگال كرد، ئه‌وه‌ش بێ كاره‌سات و مه‌رگه‌ساتى دیكه‌ نه‌بوو چیرۆكى برسێتى و تینوێتى و ترس و مه‌رگ له‌وێش یه‌خه‌ى برا ئێزیدییه‌كانى به‌رنه‌دا و رووبه‌ڕووی باری سه‌ختی مرۆیی بوونه‌وه‌.

له‌م ساڵیاده‌ دڵته‌زێنه‌دا ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی وه‌بیری هه‌مووان دێنێته‌وه‌ له‌سه‌روبه‌ندی ئاواره‌بوونی خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی شه‌نگالدا، هه‌وڵی جدیماندا له‌ڕێگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵ تاكو له‌ڕێگه‌ی ئاسمانییه‌وه‌ كۆمه‌ك و هاوكاری خۆراكی و پێداویستی منداڵان بگه‌یه‌نینه‌ خه‌ڵكی گیرخواردووی سه‌ر چیای شه‌نگال، ئه‌وه‌بوو خۆشبه‌ختانه‌ زۆر لایه‌ن به‌ده‌نگ هاوارنامه‌كانی ئێمه‌وه‌ هاتن و هه‌ر زوو ده‌ست به‌ ره‌وانه‌كردنی ئاو و خۆراك و پێداویستی خێرای رۆژانه‌ بۆ سه‌ر چیای شه‌نگال كرد و به‌گه‌یاندنی ئه‌و هاوكارییانه‌ رێگریمان له‌ سه‌رهه‌ڵدانی كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی مرۆیی گرت كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا خه‌ریك بوو رووی ده‌دا.

پاش شكاندنی ئابڵوقه‌ی سه‌ر چیای شه‌نگال، ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌سه‌ر راسپارده‌ی به‌ڕێز (مسعود بارزانی) و به‌چاودێری راسته‌وخۆی به‌ڕێز (مه‌سرور بارزانی) سه‌رۆكی بۆردی دامه‌زرێنه‌رانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، له‌ڕێگه‌ی بارهه‌ڵگره‌وه‌ به‌درێژایی چوار ساڵی رابردوودا به‌ سه‌دان كاروانی هاوكاری و پێداویستی ناوماڵه‌و خۆراكیمان گه‌یاندۆته‌ سه‌ر چیاكه‌و له‌و پێناوه‌شدا ئۆفیسێكمان دامه‌زراند كه‌ رۆژانه‌ هاوكاری و پێداویستی ئاواره‌كانی سه‌ر چیا بكرێن و هاوكات پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریی وه‌كو ئاوی خواردنه‌وه‌و ته‌زووی كاره‌با و بنكه‌ی ته‌ندروستی و قوتابخانه‌و سه‌نته‌ری رۆشنبیرییمان له‌سه‌ر چیاكه‌ به‌هاوكاری خێرخوازان و رێكخراوه‌ كۆمه‌كبه‌خشه‌كان جێبه‌جێكرد، ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئێمه‌ وایكرد زیاتر دڵنه‌وایی بۆ هه‌زاران خێزانی ئاواره‌ی سه‌ر چیا و ده‌وروبه‌ری دروست ببێت كه‌ چیتر له‌ قاتوقڕی و برسێتی و نه‌بوونی خۆراك و ترس و دڵه‌ڕاوكێدا ناژین و كۆتایی به‌و نه‌هامه‌تیانه‌ هاتووه‌ كه له‌رابردوودا‌ پێیدا تێپه‌ڕیوون.

له‌م ساڵیاده‌دا، داوا ده‌كه‌ین هه‌رچی زووه‌ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌كان و ئه‌و ئازارو نه‌هامه‌تی و كۆمه‌ڵكوژییه‌ی به‌سه‌ر برایانی ئێزیدیدا هاتووه‌، دان به‌ جینۆسایدی ئه‌و تاوانه‌ نامرۆڤانه‌یه‌دا بنێت و قه‌ره‌بووی لێقه‌وماوان بكرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌م ساڵیاده‌دا به‌پێویستی ده‌زانین داوا له‌ رێكخراوه‌كانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و وڵاتانی كۆمه‌كبه‌خش بكه‌ین، ده‌ستی كۆمه‌ك و هاوكارییه‌كانیان بۆ ئاواره‌كان له‌سه‌رتاسه‌ری كوردستان و به‌تایبه‌تیش بۆ برایانی ئێزیدی خێراتر و فراوانتر بكه‌ن و هه‌وڵبده‌ن به‌ڕێگای جۆراوجۆر ئه‌و ناخۆشی و نه‌هامه‌تیانه‌ی له‌سه‌روبه‌ندی ئاواره‌بوونیاندا ژیاون، برینه‌كان ساڕێژ بكرێن و خه‌مه‌كان وه‌لاوه‌ بنرێن و دووباره‌ ده‌ست به‌ ژیانێكی نوێی دوور له‌ كوشت و بڕ و ناسۆرییه‌كان بكه‌نه‌وه‌.

له‌كۆتاییدا ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی بارزانی رایده‌گه‌یه‌نێت: شانازی ده‌كه‌ین كه‌ به‌رده‌وام له‌ خزمه‌تی ئاواره‌كانی شه‌نگال و سه‌رجه‌م ئاواره‌كاندا بووین كه‌ روویان له‌ ناوچه‌ ئارامه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی عێراق كردووه‌و ئومێد ده‌كه‌ین ره‌وشی ئه‌منی و خزمه‌تگوزاری ناوچه‌ وێرانبووه‌كانی شه‌ڕ فه‌راهه‌م بكرێن بۆ ئه‌وه‌ی ئاواره‌كان له‌شوێنی باب و باپیرانیان دووباره‌ ده‌ست به‌ژیانێكی نوێ و دوور له‌ ئاواره‌یی بكه‌نه‌وه‌.

 

ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی

3/8/2018