Mobile menu

داوا دەکرێت دەزگای خێرخوازیی بارزانی کەمپی ئاشتی لە هەولێر بەڕێوەببات

sardan 15.8.2018

شاندێکی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق بە سەرپەرشتی بەڕێز عەقیل ئەلموسەوی سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە سەردانی دەزگای خێرخوازیی بارزانییان کرد و داوایان لە دەزگا کرد کە بەڕێوەبەری کەمپی ئاشتی مەسیحییەکان لە هەولێر بەئەستۆ بگرێت.

 

رێکەوتی ١٤/٨/٢٠١٨ بەڕێز عەقیل ئەلموسەوی سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ لەگەڵ شاندێکی یاوەری بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی بارودۆخی مرۆیی ناوچەکە سەردانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی‌‌یان کرد و لەلایەن بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و وەیس جەلیل بەرپرسی ئۆفیسی کەرکووک و کارازن نوری بەرپرسی بەشی پرۆ‌گرام و پەیوەندییەکانەوە پێشوازییان لێ کرا.

 

شاندی میوان کار و پرۆژەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی‌یان لە بواری مرۆییدا بەرز نرخاند و سوپاسی ئەم دەزگایەیان کرد لەهەمبەر خزمەتکردنی خەڵکی تەواوی عێراق و هیواخواز بوون کە دەزگا بەردەوام بێت لە ئەرکە مرۆییەکانی و پەرەیان پێ بدات.

 

کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ داوای لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد هاوکاری زیاتری کەمپی ئاشتی کە تایبەتە بە مەسیحییەکان لە هەولێر بکەن و بەڕێوەبەری ئەو کەمپە بە ئەستۆ بگرن. لە دانیشتنەکەدا جەخت لەسەر هەماهەنگی و هاوکاری زیاتر بە مەبەستی باشکردنی رەوشی مافی مرۆڤ کرایەوە.