خه‌ڵاتی ساڵ به‌خشرایه‌ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی

 

خه‌ڵاتی ساڵ به‌خشرایه‌ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی

له‌ مه‌راسیمێكدا له‌شاری دهۆك كه‌ له‌ هۆڵی كۆنفرانسه‌كان له‌ زانكۆی دهۆك به‌ڕێوه‌چوو، تیایدا خه‌ڵاته‌كانی ده‌زگای روانگه‌ بۆ كه‌سایه‌تی و خاوه‌ن به‌هره‌و رێكخراوه‌ مرۆییه‌كان ئاشكرا كرا و تیایدا خه‌ڵاتی ساڵ وه‌ك باشترین و چالاكترین ده‌زگا له‌ڕووی به‌هاناوه‌چوونی ئاواره‌و په‌نابه‌ران و خه‌ڵكی لێقه‌وماو و منداڵانی بێباوك و سێكته‌ره‌كانی په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستیه‌وه‌ پێشكه‌ش به‌ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی كرا.

رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 8/12/2016 له‌ شاری دهۆك و له‌مه‌راسیمێكی ده‌زگای روانگه‌دا، كه‌ ساڵانه‌ بۆ كه‌سایه‌تیه‌ هونه‌ری و پیشه‌یی و رێكخراوه‌ مرۆیی و خێرخوازییه‌كانی كوردستان رێكده‌خرێت، خه‌ڵات و رێزلێنان  و دیارییان پێشكه‌ش ده‌كرێت. له‌م ساڵیشدا ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌ كاره‌ خێرخوازیی و مرۆیی و فریاگوزارییه‌كانی بۆ ئاواره‌و په‌نابه‌ران و ناوخۆی كوردستان له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوودا كه‌ پڕترین ساڵی هاتنی شه‌پۆلی ئاواره‌كانی خواروو و ناوه‌ڕاستی عێراق بوو بۆ ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و له‌سه‌ر داوه‌تی فه‌رمی ده‌زگای روانگه‌ به‌شداری له‌و رێوڕه‌سمه‌دا كردو خه‌ڵاتی ساڵ وه‌ك باشترین ده‌زگای خێرخوازیی خه‌ڵات كراو خه‌ڵاته‌كه‌ش پێشكه‌ش به‌ موسا ئه‌حمه‌د جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی كرا.

سه‌باره‌ت به‌ خه‌ڵاتكردنی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌لایه‌ن ده‌زگای روانگه‌وه‌ وه‌ك باشترین ده‌زگای خێرخوازیی ساڵ له‌ هه‌رێمی كوردستان، موسا ئه‌حمه‌د رایگه‌یاند: هه‌موو ئه‌و خه‌ڵاتانه‌ی پێشكه‌ش به‌ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی ده‌كرێن، ته‌نها بۆ رێزگرتن نییه‌ له‌ كارو ماندبوونی كادیره‌كانی ده‌زگا و چالاكیه‌ خێرخوازیی و مرۆییه‌ جۆراوجۆره‌كانی، به‌ڵكو رێزگرتنه‌ له‌ ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستان، رێزگرتنه‌ له‌و كۆمپانیاو كه‌سایه‌تییه‌ خێرخوازانه‌ی كه‌ به‌رده‌وام پاڵپشت و هاریكاری ده‌زگاكه‌مان ده‌كه‌ن بۆ به‌ره‌وپێشچوون و ئه‌نجامدانی كاری گه‌وره‌تر له‌ناوخۆی كوردستان و بۆ ئاواره‌و په‌نابه‌رانیش به‌هه‌مانشێوه‌ درێغیان نه‌كردوه‌. جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، بۆ رێكخه‌ران و ئه‌نجامدانی ئه‌م رێوڕه‌سمه‌ به‌گرنگی ده‌زانم زۆر سوپاسی ده‌زگای روانگه‌ بكه‌م كه‌ ساڵانه‌ به‌ بیرۆكه‌و داهێنانی نوێوه‌ كاری گرنگ و له‌پێشینه‌ له‌ كوردستان ئه‌نجامده‌دات و ئێمه‌ش سوپاسیان ده‌كه‌ین و ده‌ستخۆشیان لێده‌كه‌ین و هیوای به‌رده‌وامی له‌كاری زیاترو پڕ به‌هره‌تریان بۆ ده‌خوازین.

سه‌باره‌ت به‌ به‌رده‌وامی كار و چالاكیه‌كانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ئاواره‌و په‌نابه‌رو منداڵانی بێباوك و خاوه‌ن پێداویستیه‌ تایبه‌ته‌كان و سودمه‌ندبوونی رێژه‌یه‌كی به‌رچاو له‌ خه‌ڵكی كوردستان، موسا ئه‌حمه‌د رایگه‌یاند: كاره‌ خێرخوازیی و مرۆییه‌كانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌لایه‌ن تیمه‌ شاره‌زاو لێهاتووه‌وه‌ له‌نێو كۆمه‌ڵگای كوردستان و زۆربه‌ی كه‌مپه‌كاندا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، ده‌توانم بڵێم ئه‌مساڵ و له‌سه‌روبه‌ندی ده‌ستپێكی پرۆسه‌ی ئازاكردنی شاری موسڵ پێشوازییه‌كی باشمان له‌ ئاواره‌كان كرد و جێگاو په‌ناگه‌و ژه‌مه‌خواردنی گه‌رم و پێداویستیه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی ژیانیان بۆ دابینكردن، له‌ماوه‌ی دوو ساڵی (2014 تا 2016) ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی شه‌وو رۆژ له‌نێو كه‌مپی ئاواره‌كاندا، به‌تایبه‌تتر ئه‌و كه‌مپانه‌ی كه‌ ئیداره‌دانی به‌ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی سپێردراوه‌، چالاكی به‌پێزی هه‌بوه‌ بێكه‌موكوڕیترین كه‌مپ بون له‌ڕووی دابینكردن و دابه‌شكردنی پێداویستی و هاوكات بۆ پاراستنی گیانی ئاواره‌كان و روونه‌دانی هیچ كاره‌ساتێكی دڵته‌زێن كه‌ ببێته‌ مایه‌ی سه‌رنج، ئه‌م شاره‌زایی و لێهاتوویی و پیشه‌ییبونه‌ی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌كاری مرۆیی و خێرخوازیی و به‌هاناوه‌چوونی كه‌سانی لێقه‌وماوی ناوخۆی كوردستان و هه‌روه‌ها ئه‌و پرۆسه‌و سێكته‌رانه‌ی كه‌ به‌رده‌وام كارییان له‌سه‌ر ده‌كات و رێژه‌یه‌كی به‌رچاو له‌ خه‌ڵكی كوردستان سوودمه‌ند ده‌بن خۆیان له‌ چه‌ندین پرۆژه‌دا ده‌بینێته‌وه‌، له‌وانه‌ش پرۆژه‌ی چاودێریی ئازیزان كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ منداڵانی بێباوك له‌ هه‌رێمی كوردستان و ئێستاكه‌ رێژه‌ی مندالانی سوودمه‌ند بۆ نزیكه‌ی 17 هه‌زار منداڵ به‌رز بۆته‌وه‌و مانگانه‌ له‌لایه‌ن ئه‌م ده‌زگایه‌وه‌ هاوكاری ده‌كرێن، له‌سێكته‌ری په‌روه‌رده‌شدا، جگه‌ له‌ كردنه‌وه‌و دروستكردنی قوتابخانه‌ له‌نێو كه‌مپه‌كانی ئاواره‌و په‌نابه‌ران، هاوكات به‌پێی پرۆژه‌یه‌كی هاوبه‌شی نێوان ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و رێكخراوی JIZی ئه‌ڵمانی زیاتر له‌ 40 قوتابخانه‌ له‌ هه‌ردوو پارێزگای دهۆك و هه‌ولێر دووباره‌ ره‌نگڕێژ و نۆژه‌ن ده‌كرێنه‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌سێكته‌ری ته‌ندروستیش به‌هه‌مانشێوه‌ هه‌وڵمانداوه‌ له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌ كۆمه‌كبه‌خشه‌ جیهانیه‌كاندا پردی په‌یوه‌ندی به‌هێز دروست بكه‌ین و له‌و رێگه‌یه‌وه‌ داو ده‌رمان و كه‌ره‌سته‌و پێداویستیه‌ ته‌ندروستیه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو بۆ زۆربه‌ی بنكه‌ ته‌ندروستیه‌كان دابینكردوه‌، هه‌روه‌ها بۆ هه‌لی كار و ره‌خساندنی گه‌نجان بۆ ده‌رخستنی تواناكانیان، له‌به‌شێكی زۆری كه‌مپه‌كاندا سه‌نته‌ری رۆشنبیری و هونه‌ری دروستكراون و تیایاندا گه‌نجان به‌ هه‌ردوو ره‌گه‌ز بواریان بۆ ده‌ڕه‌خسێنرێت بۆ ئه‌وه‌ی تواناكانیان بدۆزنه‌وه‌و له‌ بوارێكی پیشه‌ییانه‌دا كارێك بدۆزنه‌وه‌. ئه‌م چالاكیانه‌ی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی بۆته‌ جێگای تێڕامان و سه‌رنجی زۆرێك له‌ رێكخراوه‌ جیهانی و هه‌رێمایه‌تیه‌كانیش، بۆیه‌ به‌شێكی زۆریان چه‌ندین پرۆژه‌ی هاوبه‌شیان له‌گه‌ڵ ده‌زگادا هه‌یه‌و به‌رده‌وامیش رێكخراوی دیكه‌ داوای كۆنتاكت و كاری هاوبه‌ش پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.

جێگه‌ی ئاماژه‌ پێدانه‌ پرۆژەی جۆراوجۆری وەک (چاودێریی ئازیزان بۆ هاوکاریکردنی منداڵانی ژێر تەمەنی هەژدە ساڵ  - دابینكردنی سوتەمەنی بەسەر ئاوارەکان – دابەشکردنی خۆراکی وشک و خۆراکی گەرم – دابەشکردنی پێداویستییەکانی ناخۆراكی وەک جلوبەرگ و خێوەت و کەلوپەلی پێداویستی ناوماڵ و سۆبە و بەتانی و دۆشەک و مۆلیدەی کارەبا و موبەریدە و هتد ژماره‌ی سودمه‌ندبوان له‌و سێكته‌رو هاوكارییانه‌دا (2,248,799) كه‌س بوه‌. هاوكات له‌ سێكته‌ره‌كانی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌و رۆشنبیری و هونه‌ریش به‌ هه‌زاران كه‌س له‌ماوه‌ی ئه‌و دوو ساڵه‌دا له‌ هه‌ڵمه‌ته‌ جۆراوجۆره‌كانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی دا سوودمه‌ند بوونه‌.