Mobile menu

٣٧٦٨ منداڵی پەنابەر جلوبەرگی زستانە وەردەگرن

Gawilan 8.1.2017

منداڵان رێژەیەکی بەرچاوی دانیشتوانی کەمپەکان پێک دەهێنن و لە بارودۆخی سەختی ژیانی ناوکەمپەکاندا سەرماش کێشەیەکی دیکەی بە کۆی ناهەموارییەکانیان زیاد کردووە و بۆ پێشگیری لەو کێشەیەش دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە چالاکییەکدا بە هاوکاری رێکخراوی جیهانی unicef جلوبەرگی زستانە پێشکەش بە ٣٧٦٨ منداڵی پەنابەر دەکات.

 

رێکەوتی ٧/١/٢٠١٨ بەمەبەستی هاریکاری کردنی منداڵان و رووبەڕووبوونەوەی سەرما و بارودۆخی سەختی ژیان لە ناو کەمپی پەنابەراندا دەزگای خێرخوازیی بارزانی و رێکخراوی جیهانی unicef هاوکاری پێشکەشی ٣٧٦٨ منداڵی پەنابەری سوری لە کەمپی گەویلان دەکەن. لە هاوکارییەکاندا جلوبەرگی زستانە پێشکەش بە هەریەک لە منداڵەکان دەکرێت.

 

پێشتریش لە چالاکییەکی هاوشێوەدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی و unicef  جلوبەرگی زستانەیان بۆ ٥٠٦ منداڵی دیکەی کەمپی پەنابەرانی سوری ئاکرێ دابین کردبوو.

 

جێگای ئاماژەیە هاوکارییەکانی unicef بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ منداڵان بەردوامی دەبێت و لە دوو چالاکییدا لە کەمپەکانی حەسەنشام U2 و حەسەنشام U3 هاوکاری پێداویستی زستانە لە رێگای رێکخراوی WEO پێشکەشی منداڵانی کەمپەکان دەکرێت.

جێگای ئاماژەیە سەرما و کەشوهەوای وەرزی زستان کێشەی تەندرووستی لە ناو کەمپەکاندا درووست دەکات و منداڵان دەبنە قوربانی سەرەکی ئەم بارودۆخە. دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کاروچالاکییەکانیدا بەردەوام گرنگی زیاتری بە منداڵان داوە و دابین کردنی پێداویستییەکانیانی لە ریزی یەکەمی کارەکانیدا داناوە.