Mobile menu

جانتا و پێداویستی خوێندن بۆ ٣٦٠ قوتابی ئاوارە دابین کرا

دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەکەمپی حەسەنشام پێداویستی خوێندنی بۆ منداڵانی ئاوارەکان، کە ئێستا لە قوتابخانەی ناو کەمپەکەدا خەریکی خوێندنن دابین کرد.

 

لە کەمپی حەسەنشامدا ژمارەیەکی زۆر منداڵ بوونی هەیە و بەشێکی بەرچاوییان لە تەمەنی خوێندندان، بەمەبەستی درێژەدان بە خوێندنی ئەو منداڵانە، قوتابخانەیەک لە ناو کەمپەکەدا کراوەتەوە و بەشێکی منداڵەکان تیاییدا بەردوامن لە خوێندن.

 

رێکەوتی ٤ی نیسانی ٢٠١٧ تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کەمپی حەسەنشام جانتا و پێداویستی خوێندنیان بۆ ٣٦٠ قوتابی کە لە قوتابخانەی حەسەنشامدا خەریکی خوێندن، دابین کرد.

پێداویستی خوێندن کە بۆ قوتابییەکان دبینکراوبوو پێکهاتبوو لە (دەفتەر و قەڵەم و رەشکەرەوە و ..هتد).

 

قوتابییەکان لە کاتێکدا لە کەمپی حەسەنشام درێژە بە خوێندن دەدەن کە بەهۆی تیرۆریستانی داعشەوە زیاتر لە دوو ساڵە لە خوێندن دابڕاون و جارێکی دیکە لە ناو کەمپەکاندا هەلی خوێندنیان بۆ دابینکراوەتەوە.

 

کەمپی حەسەنشام دەکەوێتە سنووری پارێزگای نەینەوا و لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە بەڕێوەدەبرێت