Mobile menu

٧ قوتابخانە لە سنوری ئیداریی گەرمیان پێداویستی خوێندنیان پێشکەش دەکرێت

germian 9.10.2017

٤١٠ قوتابی بنەڕەتی حەوت قوتابخانەی گوندەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان لە لایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی‌یەوە جانتا و پێداویستی خوێندنیان پێشکەش دەکرێت.

 

رێکەوتی ٩/١٠/٢٠١٧ لە درێژەی هەڵمەتی هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ قوتابیانی بنەڕەتی سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، ٤١٠ قوتابی لە گوندەکانی (سەید مەحمود، قولە بەرز، رەئد علی خان، چاڵەڕەش، قولە سوتاو، تازەدێ و بەرلووت) سەر بە ئیدارەی گەرمیان جانتا و پێداویستی خوێندن وەردەگرن.

 

لە گوندی (سەید مەحمود ٢٣ قوتابی، قولەبەرز ٣٠ قوتابی، رەئد علی خان ٢١ قوتابی، چاڵەرەش ٧٦ قوتابی، قولە سوتاو ٤٠ قوتابی، تازەدێ ١٥٠ قوتابی و بەلوت ٧٠ قوتابی) هەن، کە سەرجەمییان لە هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سودمەند دەبن.

 

ئەم هاوکارییانەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێداویستی خوێندی ساڵێکی قوتابییەکان پڕدەکاتەوە و پاڵپشتییەکی ماددی باشە بۆ خێزانی قوتابییەکان و مەبەست لێی پشتیوانی کردن و هاندانی قوتابییەکانە بۆ بەردەوامی دان بە پرۆسەی خوێندن و سەرکەوتنیان.

 

لە دەستپێکی ساڵی خوێندنی نوێوە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە قوتابخانەی رۆژهەڵاتی بنەڕەتی لە هەولێر قۆناغێکی نوێی هاوکارییەکانی خۆی لە سێکتەری پەروەردەدا راگەیاند و لەم قۆناغەدا ٥٠ هەزار قوتابی پۆلەکانی یەک هەتا شەشی بنەڕەتی سودمەند دەبن هەتا ئێستا لە دوو قوتابخانەی رۆژهەڵات و ژێکافی بنەڕەتی ٩٠٠ قوتابی سودمەند بوون.

 

جێگای ئاماژە پێکردنە ساڵانە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سێکتەری پەروەردەدا چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەدەبا، کە هەتا ئێستا بریتیبوون لە (درووستکردن و نۆژەن کردنەوەی قوتابخانەکان و دابینکردنی پێداویستی خوێندن بۆ قوتابخانەکان و قوتابیان و هەروەها خولی تایبەت بە فێرکردن و بارهێنان) کە ئەم چالاکییانە بە سپۆنسەری و هاوکاری رێکخراو و خێرخوازە هەرێمی و جیهانییەکان بەڕێوەدەبرێن.