Mobile menu

٢٩٧٦ قوتابی جانتا و پێداویستی خوێندنیان پێشکەش دەکرێت

  slemani janta

٢٩٧٦ قوتابیی ٦٧ قوتابخانەی  بنەڕەتی پەروەردەی شارباژێڕ لە لایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی‌یەوە جانتا و پێداویستی خوێندنیان پێشکەش دەکرێت.

 

دەزگای خێرخوازیی بارزانی  لە درێژەی هەڵمەتی هاوکارییەکانی بۆ قوتابیانی بنەڕەتی سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، چالاکییەکی بەرین بۆ قوتابیانی سنوری پەروەردەی شارباژێر بەڕێوە دەبات و جانتا و پێداویستی خوێندن پێشکەشی ٢٩٧٦ قوتابی بنەڕەتی پۆلەکانی ١ هەتا ٦ دەکات.

 

بەمەبەستی پشتیوانی کردنی قوتابییەکان و هاندانییان بۆ بەردەوامی بوونیان لە خوێندن و سەرکەوتنیان، جانتا و پێداویستی خوێندی ساڵێک بۆ قوتابییەکان دابین دەکرێت. جانتاکان بە دیزاینێکی جوانە بۆ قوتابیانی بنەڕەتی پۆلەکانی ١ هەتا شەش ئامادە کراون.

 

لە دەستپێکی ساڵی خوێندنی نوێوە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە قوتابخانەی رۆژهەڵاتی بنەڕەتی لە هەولێر قۆناغێکی نوێی هاوکارییەکانی خۆی لە سێکتەری پەروەردەدا راگەیاند و لەم قۆناغەدا ٥٠ هەزار قوتابی پۆلەکانی یەک هەتا شەشی بنەڕەتی سودمەند دەبن.

 

جێگای ئاماژە پێکردنە ساڵانە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سێکتەری پەروەردەدا چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەدەبا، کە هەتا ئێستا بریتیبوون لە (درووستکردن و نۆژەن کردنەوەی قوتابخانەکان و دابینکردنی پێداویستی خوێندن بۆ قوتابخانەکان و قوتابیان و هەروەها خولی تایبەت بە فێرکردن و بارهێنان) کە ئەم چالاکییانە بە سپۆنسەری و هاوکاری رێکخراو و خێرخوازە هەرێمی و جیهانییەکان بەڕێوەدەبرێن.