بەمەبەستی پشتیوانی کردنی قوتابیان لە پرۆسەی خوێندندا دەزگای خێرخوازیی بارزانی جانتا و پێداوستی خوێند پێشکەشی ٥٥ قوتابی قوتابخانەی شەپۆلی بنەڕەتی لە گوندی ناساڵحی ئیدارەی گەرمیان دەکات.
رێکەوتی ٢٩/١٠/٢٠١٧ دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سێکتەری پەروەردەدا، قوتابیانی قوتابخانەی شەپۆلی بنەڕەتی تێکەڵاو لە گوندی ناساڵحی سەر بە کفری لە ئیدارەی گەرمیان بەسەردەکاتەوە و جانتا و پێداویستی خوێندن پێشکەشی ٥٥ قوتابی دەکات.
ئەم هاوکارییانەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێداویستی خوێندنی ساڵێکی قوتابییەکان پڕدەکاتەوە و پاڵپشتییەکی ماددی باشە بۆ خێزانی قوتابییەکان و مەبەست لێی پشتیوانی کردن و هاندانی قوتابییەکانە بۆ بەردەوامی دان بە پرۆسەی خوێندن و سەرکەوتنیان.
جێگای ئاماژە پێکردنە ساڵانە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سێکتەری پەروەردەدا چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەدەبا، کە هەتا ئێستا بریتیبوون لە (درووستکردن و نۆژەن کردنەوەی قوتابخانەکان و دابینکردنی پێداویستی خوێندن بۆ قوتابخانەکان و قوتابیان و هەروەها خولی تایبەت بە فێرکردن و بارهێنان) کە ئەم چالاکییانە بە سپۆنسەری و هاوکاری رێکخراو و خێرخوازە هەرێمی و جیهانییەکان بەڕێوەدەبرێن.