Mobile menu

هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ قوتابیان بەردەوامە

Slemani 12.11.2017

دەزگای خێرخوازیی بارزانی گرنگییەکی تایبەتی بە سێکتەری پەروەردەدات لەو راستایەی کە پێشکەوتن و داهاتووی وڵات لە بەهێزی و پتەوی ئەو سێکتەرەدا دەبینێتەوە، هەر بەو مەبەستەش هاوکاری قوتابیان لە سەرتاسەری کوردستاندا دەکات.

 

رێکەوتی ١٢/١١/٢٠١٧ لە درێژەی کاروچالاکییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سێکتەری پەروەردەدا، تیمەکانی دەزگا لە تەوێڵەی سەر بە شارەدێی بیارە جانتا و پێداویستی خوێندنیان پێشکەش ٢٤٠ قوتابی قۆناغی بنەڕەتی دەکەن.

 

هەر لەو چوار چێوەیەدا رۆژی پێشتر رێکەوتی ١١/١١/٢٠١٧ دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە خانەقین قوتابییانی پۆلەکانی یەک هەتا شەشی بنەڕەتی بەسەر دەکاتە و جانتا و پێداویستییەکانی خوێندن پێشکەش ٣١ قوتابی دەکات، هەروەها لە خانکێی سەربە پارێزگای دهۆک چالاکییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سێکتەری پەروەردەدا درێژەی دەبێت و ٢٠٠ قوتابی بنەڕەتی جانتا و پێداویستییەکانی خوێندنیان پێشکەش دەکرێت.

 

لە دەستپێکی ساڵی خوێندنی نوێوە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە قوتابخانەی رۆژهەڵاتی بنەڕەتی لە هەولێر قۆناغێکی نوێی هاوکارییەکانی خۆی لە سێکتەری پەروەردەدا راگەیاند و لەم قۆناغەدا ٥٠ هەزار قوتابی پۆلەکانی یەک هەتا شەشی بنەڕەتی سودمەند دەبن.

 

جێگای ئاماژە پێکردنە ساڵانە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سێکتەری پەروەردەدا چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەدەبا، کە هەتا ئێستا بریتیبوون لە (درووستکردن و نۆژەن کردنەوەی قوتابخانەکان و دابینکردنی پێداویستی خوێندن بۆ قوتابخانەکان و قوتابیان و هەروەها خولی تایبەت بە فێرکردن و بارهێنان) کە ئەم چالاکییانە بە سپۆنسەری و هاوکاری رێکخراو و خێرخوازە هەرێمی و جیهانییەکان بەڕێوەدەبرێن.