Mobile menu

قوتابیانی خورماتوو لە شارەدێی رزگاری پێداویستی خوێندن وەردەگرن

Rzgari 11.12.2017

ژمارەیەک لە قوتابیانی خورماتوو لە قوتابخانەکانی سنوری شارەدێی رزگاری درێژە بەخوێندن دەدەن و دەزگای خێرخوازیی بارزانی کۆمەک و هاوکارییەکانی دەگەیەنێتە ئەو قوتابییانە.

 

رێکەوتی ١١/١٢/٢٠١٧ دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە چالاکییەکیدا لە سێکتەری پەروەردە جانتا و پێداویستی خوێندنی گەیاندە ١٩٥ قوتابی قۆناغی بنەڕەتی یەک هەتا شەش. ئەو قوتابیانە بەهۆی شەڕوئاڵۆزییەکانەوە ناچاربوون هاوشانی خێزانەکانیان ماڵ و ژیانی خۆیان لە خورماتوو بەجێبهێڵن و روو لە شارەدێی رزگاری بکەن، کە تیایدا قوتابییەکان لە قوتابخانەکانی ئەو شارەدێیەدا درێژە بە خوێندن دەدەن.

 

جێگای ئاماژە پێکردنە ساڵانە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سێکتەری پەروەردەدا چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەدەبا، کە هەتا ئێستا بریتیبوون لە (درووستکردن و نۆژەن کردنەوەی قوتابخانەکان و دابینکردنی پێداویستی خوێندن بۆ قوتابخانەکان و قوتابیان و هەروەها خولی تایبەت بە فێرکردن و بارهێنان) کە ئەم چالاکییانە بە سپۆنسەری و هاوکاری رێکخراو و خێرخوازە هەرێمی و جیهانییەکان بەڕێوەدەبرێن.