Mobile menu

٩٢٦ قوتابی دیکەی خورماتوو و کەرکووک جانتا و پێداویستی خوێندن وەردەگرن

kalar12.14.2017

هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ قوتابیانی کەرکووک و خورماتوو کە بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان درێژەبەخوێندن دەدەن، بەردەوامە و لە چەندین چالاکیدا جانتا و پێداویستی خوێندن پێشکەشی ٩٢٦ قوتابی دەکرێت.

 

chamchaml12.14.2017 رێکەوتی ١٣/١٢/٢٠١٧ دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە چالاکییەکیدا لە سێکتەری پەروەردە جانتا و پێداویستی خوێندنی گەیاندە ٣٤١ قوتابی خورماتوو قۆناغی بنەڕەتی یەک هەتا شەش کە لە ٨ قوتابخانەی سنووری قەزای کەلار درێژە بە خوێندن دەدەن. هەر لە هەمان رۆژدا لە چەمچەماڵ تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی جانتا و پێداویستی خوێندنیان بەسەر ١٨٠ قوتابی دیکەی کەرکووک و خورماتوو دابەش دەکات.

 

جێگای ئاماژەیە رۆژی پێشترین چەندین چالاکی بۆ هاوکاری کردنی ئەو قوتابیانە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانیەوە بەڕێوەچوون و تیایاندا ٤٠٥ قوتابی خورماتوو کە ئێستا لە کەلارن سود مەند بوون. ئەو قوتابیانە بەهۆی شەڕوئاڵۆزییەکانەوە ناچاربوون هاوشانی خێزانەکانیان ماڵ و ژیانی خۆیان لە خورماتوو  و کەرکوو بەجێبهێڵن و روو لە شار و ناوچەکانی دیکەی کوردستان بکەن، کە بەشێکی زۆریان لە قوتابخانە نوێکانیاندا درێژە بە خوێندن دەدەن.

 

جێگای ئاماژە پێکردنە ساڵانە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سێکتەری پەروەردەدا چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەدەبا، کە هەتا ئێستا بریتیبوون لە (درووستکردن و نۆژەن کردنەوەی قوتابخانەکان و دابینکردنی پێداویستی خوێندن بۆ قوتابخانەکان و قوتابیان و هەروەها خولی تایبەت بە فێرکردن و بارهێنان) کە ئەم چالاکییانە بە سپۆنسەری و هاوکاری رێکخراو و خێرخوازە هەرێمی و جیهانییەکان بەڕێوەدەبرێن.