Mobile menu

١٧٩٠ قوتابی چوار قوتابخانەی کوردستان پێداویستی خوێندنیان پێدرا

 

دەزگای خێرخوازیی بارزانی گرنگی تایبەتی بە سێکتەری پەروەردە دەدات و بۆ زیاتر پشتیوانی کردنی قوتابیانی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی دەوڵەتی کوێت جانتا و پێداویستی خوێندنی بۆ ٤ قوتابخانەی بنەڕەتی دابین کرد.

رێکەوتی ١٤/٢/٢٠١٧ تیمێکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە مەبەستی پێدانی هاوکاری بە قوتابیان بەرەوە قەزای مەخموور کەوتە رێ و یەک بە یەک قوتابخانەکانی قۆریتان، پیرداود، بازاڕگە و کوردستانی بەسەر کردەوە.

هەریەکە لە قوتابخانەکانی قۆریتان و پیرداود دەکەونە شاردەێی شەمامکی سەربە قەزای مەخمور و ٧٤٠ قوتابی قۆناغی بنەڕەتیی تیایاندا سەرقاڵی خوێندن، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هەماهەنگی دەوڵەتی کوێت جانتا و پێداویستی خوێندنی بۆ قوتابییەکانی قوتابخانەکە دابین کرد.

هەروەها هەریەک لە قوتابخانەکانی کوردستان و بازاڕگە دەکەونە ناو سەنتەری قەزای مەخموور و ١٠٥٠ قوتابی تیایاندا بەردەوامی بە خوێندن دەدەن کە سەرجەمیان سودمەندبوون لە هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دەوڵەتی کوێت.