Mobile menu

لە کەرکووک و گەرمیان ١٠٧٦ منداڵ سوودمه‌ندبوون

ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی هاوكاری پێشكه‌شی منداڵی شه‌هیدان ده‌كات

    دەزگای خێرخوازیی بارزانی قۆناغی سێیەمی پرۆژەی چاودێری ئازیزانی راگەیاند، لەم قۆناغەدا ٥ هەزار منداڵی شەهیدانی دەستی داعش له‌ سه‌رانسه‌ری كوردستان هاوکاری ماددیان بە سپۆنسەری وڵاتانی کوێت و سعودییەوە بۆ دابین دەکرێت.

 

    لەهەرکام لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی قۆناغی سێیەمی پرۆژەی چاودێری ئازیزان چووە بواری جێبەجێکردنەوە و رێکەوتی ١٢/٣/٢٠١٧ لە پارێزگای کەرکووک بە ئامادەبوونی ''موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، د. نەجمەدین پارێزگاری کەرکووک، سەلاح دەلۆ سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک و رێبوار تاڵەباتی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک''دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ خزمەتکردنی منداڵە شهیدانی پارێزگای کەرکووک و سنووری گەرمیان، دابینکردنی موچەی مانگانەی ١٠٧٦ منداڵە شەهیدی لە مەراسمێکدا راگەیاند.

    موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەبارەت بە پرۆژەی چاودێری ئازیزان و پرۆژەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە خزمەتکردنی منداڵانی بێباوک بەتایبەتی منداڵی شەهیدان وتی: ''سەرجەم منداڵی شەهیدانی دەستی تیرۆرستانی داعش لەم پرۆژەیەدا سودمەند دەبن کە ژمارەیان ٥ هەزار ئازیزە و وڵاتانی سعودییە و کوێت سپۆنسەری پرۆژەکە دەکەن، کۆی منداڵانی سودمەندبووی پرۆژەی چاودێری ئازیزان له‌ سه‌رانسه‌ری كوردستان ١٧ هەزار منداڵی بێباوکە''، لە درێژەدا وتیان: ''پلانمان بۆ داهاتووی منداڵەکان هەیە و هەوڵ دەدەین کە لە دۆزینەوەی هەلی کار و پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە تەمەنی پێگەیشتندا پشتیوانی سەرەکییان بین''.

 

   د. نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکووک لە وتارێکدا ئاوڕێکی لە قورابانیدان و خۆنەوسیتی خەڵکی نیشتمان پەرەوەری ئەو شارە دایەوە و سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد کە منداڵە شەهیدەکانی پارێزگای کەرکووک و ئیدارەی گەرمییان بەسەر دەکاتەوە.

لە درێژەی مەراسیمەکەدا سەلاح دەلۆ سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک ستایشی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد و وتی:'' ئەوەی ئەمڕۆ دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەیکات، رێزلێنانە لە شەهیدنانمان و ئەبێ ئێمە هەموومان بە رۆحێکی نیشتمان پەروەری و بەبێ جیاوازی هەوڵی پەروەردەکردن و پێگەیاندنی ئەو منداڵانە بدەین، چوونکە پەروەردە کۆڵەکەی سەرەکی بونیاتنانی هەر کۆمەڵگه‌یەکە''.

 

   پاشان هەرکام لە رێبوار تاڵەبانی و مەلا ئازاد گرنگی بایەخی هاوکاری کردنی منداڵە شەهیدانیان بۆ بەشداربووان روونکردەوە، جەختییان لەوە کردەوە، منداڵی شەهیدان تاکە یادگاری ئەو لەخۆبردوانەن و  پێویستە بەباشترین شێوە خزمەتییان بکردرێت کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەو ئەرکە پیرۆزە بەڕێوەدەبات.

 

پرۆژەی چاودێريی ئازیزان لە ساڵی ٢٠١١ەوە لەلایەن (دەزگای خێرخوازیی بارزانی)یەوە راگەیەندراوە و لەو کاتەوە هەتا ئێستا ١٧ هەزار منداڵی بێباوک (ئازیز) مانگانه‌ لەو پرۆژەیە سودمەند ده‌بن. لە قۆناغی سێیەمی پرۆژەکەدا ٥ هه‌زار منداڵی بێباوك لە هەرێمی کوردستان مانگانە بە سپۆنسەری وڵاتانی کوێت و سعودییە هاوکاریی مادییان بۆ دابین دەکرێت.