Mobile menu

پێنجەم هەفتەی پرۆژەی دابینکردنی ئاو بۆ گوندەکان تێدەپەڕێت

Giz 1

دەزگای خێرخوازیی بارزانی و رێکخراوی GIZی ئەڵمانی پرۆژەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ پێنج گوندی سنوری چۆمان بەڕێوەدەبەن و لە پرۆژەکەدا زیاتر لە ٢١٠٠ کەس راستەوخۆ و ناراستەوخۆ سودمەند دەبن.

 

Giz 2 بۆ ئەمساڵ دەزگای خێڕخوازیی بارزانی و GIZی ئەڵمانی دوو پرۆژەی گرنگ لە هەولێر و دهۆک پێكەوە جێبەجێ دەکەن، لەم دوو پرۆژەیەدا هەلیکار بۆ ٣٨٤ کەس دابین کراوە.

 

پرۆژەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و GIZ لە هەولێر بریتییە لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ پێنج گوندی سنوری قەزای چۆمان کە ئەویش گوندەکانی (براغ، کەورەبەن، بیوکی گەورە، ئامۆکان و جاوەکە) دەگرێتەوە.

 

ئەم پرۆژەیە بۆ ماوەی ٦٠ رۆژ بەردەوام دەبێت و تیایدا  لە سەرچاوەیەکی ئاوی خواردنەوەوە لە رێگای بۆری ئاو بۆ گوندەکان رادەکێشرێت، جێگای ئاماژەیە دانیشتوانی ئەو گوندانە بەهۆی گرفتی بێ ئاوییەوە ناچارن لە رێگای تانکییەوە ئاو بۆ ماڵەکانیان و کێڵگە کشتوکاڵییەکانیان دابین بکەن، بەڵام لە رێگەی ئەم پرۆژەیەوە کێشەی بێ ئاوی ئەو گوندانە چارەسەر دەبێت. ئەم پرۆژەیە بێجگە لەوەی ئاوی خاوێن بۆ گوندەکان دابین دەکات، هەلیکاریشە بۆ ٢٦٦ کەس کە لەو پرۆژەیەدا کار دەکەن. کۆی گشتی سودمەند بووان لەم پرۆژەیە لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە ٢١٠٠ کەسە.

 

لە پارێزگای دهۆک دەزگای خێرخوازیی بارزانی و GIZی ئەڵمانی پرۆژەی خاوێن کردنەوەی مەزراکان بەڕێوەدەبەن، ساڵانە بەهۆی بارینی باران و گیرانی مەزراکانەوە بە هەزاران کەسی دانیشتوانی گەڕەکەکانی شێلێ و مالیای دهۆک تووشی کێشەی لافا و گیرانی مەزراکان دەبنەوە.

 

پێنجەم هەفتە لە دەستپێکی پرۆژەکە تێدەپەڕێت، تیایدا ١١٨ کەس هەلیکارییان بۆ دابین کراوە و رۆژانە مەزراکانی دووگەڕەکەی شێلێ و مالیای دهۆک خاوێن دەکەنەوە، پێشبینی دەکرێت لەم پرۆژەیەدا زیاتر لە ٢٠٠٠ کەس سودمەند ببن.