پرۆژەیەکی نوێی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ جوتیاران
Mobile menu

پرۆژەیەکی نوێی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ جوتیاران

balakayati 7.6.2018

دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوکاری کۆمپانیای پاپە گرووپ، پرۆژەیەکی خێرخوازیی گرنگ بۆ جوتیاران لە هەرێمی کوردستاندا بەڕێوەدەبات. لە پرۆژەکەدا ٦ تەراکتۆر دابین کراوە بۆ کێڵانی زەوی بەبێ بەرانبەر.

 

رێکەوتی ١/٥/٢٠١٨ لە دەڤەری باڵەکایەتی دەستکرا بەجێ بەجێ کردنی پرۆژەکە و لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و کۆمپانیای پاپە گرووپەوە ٣ تەراکتۆر بۆ ئەو ناوچەیە دابین کرا. دواتر لە رێکەوتی ١٥/٥/٢٠١٨ لە دەڤەری بارازنیش پرۆژەکە جێبەجێکار و ٣ تەراکتۆری دیکە بۆ کێڵانی زەوی جوتیاران دابین کرا.

 

بەپێی لێدوانی بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لەم پرۆژەیەدا خێزانی شەهیدان و بریندارانی شەڕی دژی داعش و پەککەوتە و هەژاران و کەمدەرامەتانی ناوچەکە سودمەند دەبن.

 

جێگای ئاماژەیە رۆژانە هەر تەراکتۆرێک ٨ سەعات کار دەکات و زەوی جوتیارەکان بەبێ بەرانبەر دەکێڵێت. بەمەش هەر سەعاتێک ٣٠ هەزار دینار بۆ خاوەن زەوییەکان دەگەڕێنێتەوە.

 

پرۆژەکە بۆ ماوەی سێ ساڵ بەردەوام دەبێت و هەر ساڵێک لە وەرزی کێڵاندا بۆ ماوەی ٣ مانگ، زەوییەکان لە لایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی‌یەوە دەکێلدرێن. دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ هەر تەراکتۆرێک شۆفێرێکی دابین کردووە، کە موچەی مانگانەی هەر شۆفێرێک بڕی ٨٠٠ هەزار دیناری عێراقییە.

 

مەبەستی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەم پرۆژەیە بەرەو پێشبردنی کەرتی کوشتوکاڵە لە ناوچەکە و پاڵپشتی کردنی خێزانە شەهیدان و برینداران و هەژار و کەمدەرامتەکانی ناوچە کوشتوکاڵییەکانی کوردستانە. لە بەرنامەی ئەم پرۆژەیەدا هاتووە کە بۆ ساڵی داهاتوو ژمارەی تەراکتۆرەکان بۆ ٩ تەراکتۆر بەرزبکرێتەوە و بەمەش جوتیارانی ناوچەی سیدەکان سودمەند بکەن.