ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی هاوكاری 11 خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت ده‌كات

ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌هاوكاری له‌گه‌ڵ رێكخراوی LDSی ئه‌مه‌ریكی له‌ سنوری پارێزگای هه‌ولێر عاره‌بانه‌یان به‌سه‌ر 11 ئافره‌ت و پیاوی خاوه‌ن پێداویستی‌ تایبه‌ت دابه‌ش ده‌كات.

رۆژی 2016/7/15 ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌مه‌به‌ستی هاوكاریكردنی خاوه‌ن پێداویستیه‌ تایبه‌ته‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌درێژه‌ی كارو چالاكیه‌كانیدا له‌ شاره‌دێی عه‌نكاوه‌ی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر به‌هاوكاری له‌گه‌ڵ رێكخراوی LDSی ئه‌مه‌ریكی خولێكی سێ كاتژمێری له‌باره‌ی چۆنیه‌تی به‌كارهێنانی عاره‌بانه‌ی ویلچه‌ریان بۆ سودمه‌ندبوان كرده‌وه‌و دواتر عاره‌بانه‌یان پێشكه‌شی 11 خاوه‌ن پێداویستی‌ تایبه‌ت كرد.

سه‌باره‌ت به‌ به‌رده‌وامی پرۆژه‌ی هاوكاریكردنی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت له‌سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان، موسا ئه‌حمه‌د جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی رایگه‌یاند: پرۆژه‌ی هاریكاریكردنی خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كان به‌هاوكاری له‌گه‌ڵ رێكخراوی LDSی ئەمەریكی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و سه‌ره‌تا له‌ خولی راهێنان بۆ ئه‌و بواره‌ ده‌كرێته‌وه‌ ئه‌ویش به‌مه‌به‌ستی چۆنیه‌تی به‌كارهێنان و سودوه‌رگرتنیانه‌ له‌و پێداویستییه‌، دواتریش عاره‌بانه‌و ره‌وڕه‌وه‌ی ده‌ستییان پێشكه‌شی 7 ئافه‌رت و 4 پیاو كرد. هه‌روه‌ها گوتی: پرۆسه‌ی دابه‌شكردنی عاره‌بانه‌ به‌سه‌ر خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌ و خاوه‌ن پێداویستی سه‌رجه‌م شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه‌.

شایانی باسه‌، ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌پێی پرۆژه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ رێكخراوی LDSی ئه‌مه‌ریكی، له‌سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان كورسی ویلچه‌ر و دارشه‌ق به‌سه‌ر ده‌سته‌و كۆمه‌ڵه‌ی تایبه‌ت به‌ خاوه‌ن پێداویستیه‌ تایبه‌ته‌كان دابه‌شكردووه و پرۆسه‌كه‌ به‌رده‌وامی ده‌بێت تاوه‌كو زۆربه‌ی خاوه‌ن پێداویستیه‌ تایبه‌ته‌كان سوودمه‌ند ده‌بن‌.