Mobile menu

ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و رێكخراوێكی ئه‌مه‌ریكی پرۆتۆكۆڵێكی نوێ ئیمزا ده‌كه‌ن

به‌مه‌به‌ستی هاوكاریكردنی زیاتری خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان و په‌ره‌پێدانی پرۆژه‌ی دابه‌شكردنی پێداویستیه‌ تایبه‌ته‌كان، ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و رێكخراوی LDSی ئه‌مه‌ریكی پرۆتۆكۆڵی هاوبه‌شی نێوانیان نوێ ده‌كه‌نه‌وه‌.

به‌مه‌به‌ستی نوێكردنی پرۆتۆكۆڵی هاوبه‌شی هاوكاریكردنی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت له‌سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان، رۆژی 7/8/2016 له‌ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌ ئاماده‌بوونی موسا ئه‌حمه‌د جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و لين واتسۆن نوێنه‌ری رێكخراوی LDSی ئه‌مه‌ریكی له‌ هه‌رێمی كوردستان، پرۆتۆكۆلی هاوبه‌شی دابه‌شكردنی پرۆژه‌ی ویلچه‌ر و پێداویستی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان ئیمزا ده‌كه‌ن. نوێكردنه‌وه‌ی پرۆتۆكۆله‌كه‌ بۆ دابینكردنی 625 ویلچه‌رو هه‌روه‌ها كه‌لوپه‌لی یه‌ده‌گ ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوودا ئه‌و ویلچه‌رانه‌ی پێویستیان به‌ چاككردنه‌وه‌ هه‌یه‌ سوود له‌و كه‌لوپه‌له‌ یه‌ده‌گانه‌ وه‌رده‌بگیرێن. به‌پێی ئه‌و پرۆتۆكه‌له‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت به‌پێی پێویستی و رێژه‌ی كه‌مئه‌ندامان و رێكخراوی LDSی ئه‌مه‌ریكی ئاماده‌ ده‌بێت بۆ دابینكردنی پێداویستی خاوه‌ن پێداویستیه‌ تایبه‌ته‌كان.

به‌پێی پرۆتۆكۆلی پێشووی نێوان ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و رێكخراوی LDSی ئه‌مه‌ریكی پێش دابه‌شكردنی پێداویستیه‌كانی كه‌مئه‌ندامان، خولێكی راهێنان بۆ كه‌مئه‌ندامان به‌ به‌شداری رێكخراو و كۆمه‌ڵه‌ی تایبه‌ت به‌ خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت ده‌كرێته‌وه‌و تیایدا رێنمایی پێویست له‌باره‌ی چۆنیه‌تی به‌كارهێنانی ئامێره‌كانه‌وه‌ ده‌خرێته‌ڕوو. پاشان دوو جۆر له‌ (ویلچه‌ر و دارشه‌ق) و هه‌روه‌ها 625 ویلچه‌ر له‌ 8 قه‌باره‌ی جیاواز پێكهابتوو دابه‌شكراوه‌. هاوكات هه‌روه‌ها به‌پێی ئه‌و پرۆتۆكۆله‌ بێت دابه‌شكردنه‌كان به‌پێی رێژه‌ی كه‌مئه‌ندامان له‌سه‌ر شارو شارۆچكه‌یه‌ك و به‌شداری پێكردن له‌ خولی راهێنانه‌كاندا.

شایانی باسه‌، به‌پێی پرۆتۆكۆلی پێشووی ‌نێوان ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و رێكخراوی LDSی ئه‌مه‌ریكی، له‌پارێزگای سلێمانی 100 خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت و له‌ گه‌رمیان 80 خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت و هه‌ڵه‌بجه‌ 50 و كه‌ركوك 40 و دهۆك 35 و زاخۆ 25 و عه‌نكاوه‌ 35 و كۆمه‌ڵه‌ی سۆران 100 و كۆمه‌ڵه‌ی ژین 50 و له‌ هه‌ولێر 100 خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت سوودمه‌ندبونه‌.