Mobile menu

ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و كونسوڵگه‌ری پۆڵۆنیا پرۆژه‌یه‌كی گرنگ له‌ چیای شه‌نگال جێبه‌جێ ده‌كه‌ن

بۆ هاوكاریكردنی زیاتری ئاواره‌كانی سه‌ر چیای شه‌نگال و ئاواره‌ ئێزیدیه‌كانی ئه‌و ناوچانه‌، ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و كونسوڵگه‌ری كۆماری پۆڵۆنیا له‌هه‌ولێر گرێبه‌ستی هه‌ڵكه‌ندنی بیری ئاوخواردنه‌وه‌ و گه‌یاندنی وزه‌ی كاره‌با بۆ سه‌ر چیاكه‌ ئیمزا ده‌كه‌ن.

رۆژی 9/8/2016 بۆ هاوكاریكردنی زیاتری ئاواره‌ ئێزیدیه‌كانی سه‌ر چیای شه‌نگال و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری چیاكه‌، ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌ رێوڕه‌سمێكدا به‌ ئاماده‌بوونی موسا ئه‌حمه‌د جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و ویتۆڵد كراجێسكی جێگری كونسوڵی كۆماری پۆڵۆنیا له‌ شاری هه‌ولێر، گرێبه‌ستێكی لێدانی بیری ئیرتیوازی و گه‌یاندنی ئاوی خواردنه‌وه‌ و وزه‌ی كاره‌با ده‌گرێته‌وه‌ بۆ ئاواره‌كانی سه‌ر چیاكه‌و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری ئیمزا ده‌كه‌ن.

پاش ئه‌نجامدانی گرێبه‌سته‌كه‌، له‌لایه‌ن كونسوڵگه‌ری كۆماری پۆڵۆنیاوه‌ بڕی 19.960 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كانی هه‌ڵكه‌ندنی بیری ئاوخواردنه‌وه‌و گه‌یاندنی وزه‌ی كاره‌با به‌ ئاواره‌ ئێزدیه‌كانی سه‌ر چیاكه‌و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری ته‌رخانكردوه‌و به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی ده‌ست به‌ جێبه‌جێكردنی ده‌كرێت، به‌مه‌ش ژیانی ئاواره‌كانی ئه‌و ناوچانه‌ ئاسایی ده‌بێته‌وه‌و له‌ گرفتی كه‌م ئاوی و نه‌بوونی وزه‌ی كاره‌با رزگاریان ده‌بێت.

له‌و باره‌یه‌وه‌ موسا ئه‌حمه‌د جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی رایگه‌یاند: به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵی جیدیداین بۆ ئه‌وه‌ی برا ئێزیدیه‌كانمان له‌سه‌ر چیای شه‌نگال و ناوچه‌كانی ده‌روبه‌رو ته‌نانه‌ت له‌ناو كه‌مپه‌كانیش ژیانێكی باشیان بۆ فه‌راهه‌م بكه‌ین، له‌و میانه‌شدا ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ئاواره‌بوونی برا ئێزدیه‌كانمانه‌وه‌ درێغیمان نه‌كردوه‌ له‌ گه‌یاندنی كۆمه‌ك و هاوكاری و پێداویستی بۆ سه‌ر چیای شه‌نگال و ناوچه‌كانی ده‌روبه‌ری، هاوكات له‌ڕێگه‌ی كردنه‌وه‌ی ئۆفیسێكه‌وه‌ له‌سه‌ر چیاكه‌ رۆژانه‌ پێداویستی و خۆراك بۆ زیاتر له‌ 2 هه‌زار خێزانی ئاواره‌ی ئێزدیدی له‌سه‌ر چیاكه‌وه‌ ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری دابین ده‌كه‌ین، جگه‌ له‌ كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌یه‌كی 12 پۆلی بۆ قوتابیانی ئاواره‌، هه‌روه‌ها ئه‌م پرۆژه‌یه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ گرنگترین پرۆژه‌كان كه‌ تیایدا كێشه‌و گرفتی بێ ئاوی و نه‌بونی وزه‌ی كاره‌با بۆ ئاواره‌كانی سه‌ر چیاكه‌و ده‌وروبه‌ری كۆتایی دێت و به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ كونسوڵگه‌ری پۆڵۆنیا ده‌ست به‌ جێكردنی هه‌ڵكه‌ندنی بیری ئاوخواردنه‌وه‌و راكێشانی وزه‌ی كاره‌با ده‌كه‌ین بۆ سه‌ر چیای شه‌نگال.