له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ 56 خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت هاوكاری كران

ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌هاوكاری له‌گه‌ڵ رێكخراوی LDSی ئه‌مه‌ریكی له‌ سنوری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ ویلچه‌رو پێداویستی جۆراوجۆریان به‌سه‌ر 56 خاوه‌ن پێداویستی‌ تایبه‌ت دابه‌شكرد كه‌ تاكو ئێستا له‌لایه‌ن هیچ رێكخراوێكی په‌یوه‌ندیداره‌وه‌ هاوكاری نه‌كرابون.

ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌مه‌به‌ستی هاوكاریكردنی خاوه‌ن پێداویستیه‌ تایبه‌ته‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان، رۆژی 27/8/2016 له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ به‌هاوكاری له‌گه‌ڵ رێكخراوی LDSی ئه‌مه‌ریكی خولێكی سێ كاتژمێری له‌باره‌ی چۆنیه‌تی به‌كارهێنانی عاره‌بانه‌ی ویلچه‌ریان بۆ سودمه‌ندبوان كرده‌وه‌و دواتر عاره‌بانه‌و كۆشین و كورسی و ره‌وڕه‌وه‌و عه‌كازه‌و شه‌قله‌ی پێشكه‌شی 56 خاوه‌ن پێداویستی‌ تایبه‌ت كرد. سه‌باره‌ت به‌ به‌رده‌وامی پرۆژه‌ی هاوكاریكردنی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت له‌سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان، موسا ئه‌حمه‌د جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی رایگه‌یاند: پرۆژه‌ی دابینكردنی پێداویستی بۆ خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كان به‌هاوكاری له‌گه‌ڵ رێكخراوی LDSی ئەمەریكی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و سه‌ره‌تا خولی راهێنان بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ سوودمه‌ند ده‌بن ئه‌ویش به‌مه‌به‌ستی چۆنیه‌تی به‌كارهێنان و سودوه‌رگرتنیانه‌ له‌و پێداویستیانه‌ی وه‌ریده‌گرن‌، دواتریش ویلچه‌ر و كۆشینی GLY و عه‌كازه‌و ره‌وڕه‌وه‌ی ده‌ستی و چه‌ندین پێداویستی دیكه‌یان پێشكه‌ش ده‌كرێت، له‌درێژه‌ی هاوكارییه‌كانیشدا تیمه‌كانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ ویلچه‌ری و پێداویستی دیكه‌یان پێشكه‌شی 56 ئافره‌ت و پیاو كرد كه‌ تاوه‌كو ئێستا له‌لایه‌ن هیچ رێكخراوێكی په‌یوه‌ندیداره‌وه‌ هاوكاری نه‌كراون و ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی تاكه‌ ده‌زگای خێرخوازیی بووه‌ توانیویه‌تی هاوكاری بگه‌یه‌نێته‌ خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌تی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌. هه‌روه‌ها گوتی: له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ستكراوه‌ به‌ دابه‌شكردنی ويلچه‌ر به‌سه‌ر 12 خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت‌ و كۆشین و عاره‌بانی منداڵان به‌سه‌ر 6 كه‌س و كورسی و ره‌وڕه‌وه‌و عه‌كازه‌ به‌ 21 كه‌س و شه‌قله‌و دایبی بۆ 17 كه‌س دابینكراوه‌ و ئه‌م پرۆسه‌یه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌ و خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت له‌ سه‌رجه‌م شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه‌.

شایانی باسه‌، ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌پێی پرۆژه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ رێكخراوی LDSی ئه‌مه‌ریكی، له‌سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان ویلچه‌ر و كورسی و دارشه‌ق و ڕه‌وڕه‌وه‌و عه‌كازه‌و به‌سه‌ر ده‌سته‌و كۆمه‌ڵه‌ی تایبه‌ت به‌ خاوه‌ن پێداویستیه‌ تایبه‌ته‌كان دابه‌شكردووه و پرۆسه‌كه‌ به‌رده‌وامی ده‌بێت تاوه‌كو زۆربه‌ی خاوه‌ن پێداویستیه‌ تایبه‌ته‌كان سوودمه‌ند ده‌بن‌.