Mobile menu

ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی چه‌ندین پرۆژه‌ی گرنگ له‌ چیای شه‌نگال جێبه‌جێ ده‌كات

بنكه‌یه‌كی ته‌ندروستی و دوو قوتابخانه‌ و 10 مۆلیده‌ی كاره‌با پێشكه‌شی ئاواره‌كانی سه‌ر چیای شه‌نگال ده‌كات

ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌چیای شه‌نگال چه‌ندین پرۆژه‌ی گرنگی خزمه‌تگوزاری بۆ ئاواره‌ ئێزدیه‌كانی سه‌ر چیاو ده‌وروبه‌ری ئه‌نجامده‌دات كه‌ خۆی له‌ دابینكردنی 10 مۆلیده‌ی كاره‌بایی و كردنه‌وه‌ی بنكه‌یه‌كی ته‌ندروستی و دوو قوتابخانه‌ی ئاماده‌یی و بنه‌ڕه‌تی و 3 بیری ئاوخواردنه‌وه‌ و سه‌نته‌رێكی رۆشنبیری و هونه‌ری و كۆمه‌ڵایه‌تی و یاریگایه‌كی وه‌رزشی و چه‌ندین پرۆژه‌ی تر ده‌بینێته‌وه‌.

رۆژی 28.9.2016 له‌ رێوڕه‌سمێكدا به‌ ئاماده‌بوونی سه‌ربه‌ست له‌زگین نوێنه‌ری سه‌رۆك بارزانی و مه‌حما خه‌لیل قایمقامی شه‌نگال و بابه‌شێخ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی رۆحانی ئێزیدی و شێخ عه‌زیز شێخ ره‌زا سه‌رۆك و موسا ئه‌حمه‌د جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ به‌رپرسانی حكومی و نوێنه‌ری رێكخراوی LDSی ئه‌مه‌ریكی، ئه‌و پرۆژانه‌ كرانه‌وه‌ کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەهاوکاری لەگەڵ کۆمەڵێک ڕێکخراو و دەزگای مرۆیی و لایەنی حکومی ئەنجامی داون بۆ ئاواره‌كانی چیای شنگال.

له‌ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی هه‌ستان به‌ وه‌گه‌ڕخستنی 10 مۆلیده‌ی كاره‌با و راكێشانی كاره‌با بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و ماڵانه‌ی له‌سه‌ر چیاكه‌ نیشته‌جێبونه‌، ئه‌م پرۆژه‌یه‌ به‌هاوكاری له‌گه‌ڵ رێكخراوی (ژیان)ی یابانی و رێكخراوی GIZ ی ئەڵمانی و هه‌ردوو پارێزگای دهۆک و پارێزگای هەولێر به‌جێگه‌یه‌نراوه‌، هه‌روه‌ها یه‌كێكی تر له‌و پرۆژانه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی پێشكه‌شی ئاواره‌ ئێزدیه‌كانی ده‌كات بریتیه‌ له‌ هه‌ڵكه‌ندن و ئاماده‌كردنی 3 بیری ئاوه‌ كه‌ ئاوی خواردنه‌وه‌ بۆ دانیشتوانی سه‌ر چیاكه‌و ده‌وروبه‌ری دابین ده‌كات و له‌ڕێگه‌ی تانكه‌ره‌وه‌ دابه‌شی سه‌ر ماڵه‌كانی ده‌كه‌ن، ئه‌م پرۆژه‌یه‌ به‌ هاوكاری له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌كانیLDS ئەمریکی و (Act Now Children) ی تایلەندی له‌سه‌ر چیای شه‌نگال ئه‌نجامدراوه‌و سودێكی زۆری ده‌بێت بۆیان.

هاوكات یه‌كێكی تر له‌و پرۆژانه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر چیای شه‌نگال پێشكه‌شی ئاواره‌ ئێزیدیه‌كان كرا كردنه‌وه‌ی بنكه‌یه‌كی ته‌ندروستییه‌، له‌و میانه‌شدا به‌ به‌رده‌وامی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی چه‌ندین جار تیمی ته‌ندروستی گه‌ڕۆكی بۆ پشكنین و چاره‌سه‌ری ته‌ندروستی بردۆته‌وه‌ سه‌ر چیاكه‌، كردنه‌وه‌ی ئه‌م بنكه‌ ته‌ندروستییه‌ له‌سه‌ر چیاكه‌ رۆژانه‌ پشكنین و چاره‌سه‌ر بۆ دانیشتوانی سه‌ر چیاو ده‌وروبه‌ری ده‌كات و ده‌رمان و پێداویستیان پێشكه‌ش ده‌كات. ئه‌م بنكه‌یه‌ش هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ رێكخراوی WAHA له‌سه‌ر چیاكه‌ دروستكراوه‌.

له‌ڕووی په‌روه‌رده‌ییشه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی به‌رده‌وامیدان به‌ پرۆسه‌ی خوێندنی قوتابیانی ئاواره‌ی ئێزیدی له‌سه‌ر چیای شه‌نگال، ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی قوتابخانه‌یه‌كی دوازده‌ پۆلی به‌سه‌رجه‌م كه‌ره‌سته‌و پێداویستیه‌كانی خوێندنه‌وه‌ له‌سه‌ر چیاكه‌ دروستكردووه‌، كه‌ ئێستاكه‌ زیاتر له‌ 300 قوتابی تێیدا ده‌خوێنن و جانتاو پێداویستیه‌كانی خوێندنیشیان بۆ دابین ده‌كات. ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌وه‌ش نه‌وه‌ستا و هه‌وڵی زۆریدا له‌گه‌ڵ هه‌ردوو رێكخراوی LDS ئەمریکی و (Act Now Children) ی تایلەندی 2 قوتابخانه‌ی تر دروست بكرێن بۆ خوێندنی هه‌ردوو قۆناغی بنه‌ڕه‌تی و ئاماده‌یی به‌گوژمه‌ی 25 هه‌زار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی به‌ خانوی ده‌ستكرد (كه‌ره‌ڤانه‌) دروستكراون و پرۆسه‌ی خوێندن و په‌روه‌رده‌ تیایدا به‌رده‌وامی ده‌بێت.

هه‌ر ئه‌مڕۆ له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوکاری رێکخراوی LDSی ئەمریکی و بەگوژمەی 50 هەزار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی سه‌نته‌رێكی رۆشنبیری و هونه‌ری و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌سه‌ر چیاكه‌ دروستكردووه‌و پێشكه‌شی ئاواره‌كانی ده‌كات، كه‌ تیایدا خوله‌ جۆراوجۆره‌كانی (هونه‌ری، كۆمپیوته‌ر، وه‌رزش... هتد) ده‌خوێنرێن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خوله‌كانی تۆپی پێ و ئاهه‌نگێڕان و یادكردنه‌وه‌ی رۆژه‌ مێژووییه‌كانی تێدا ئه‌نجامده‌درێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ رێكخراوی Free Rangers Group ياریگایه‌كی تایبه‌ت به‌ وه‌رزشی منداڵان به‌گوژمه‌ی 10 هه‌زار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی له‌سه‌ر چیای شه‌نگال بنیاتناوه‌و له‌و یاریگایه‌دا وه‌رزشوان و منداڵان و ئاره‌زوومه‌ندانی بواره‌ جۆراوجۆره‌كانی وه‌رزشكردن ساته‌ خۆشه‌كانیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن.