Mobile menu

ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و ده‌زگای GIZ هه‌لی كار بۆ 1210 كه‌س ده‌ڕه‌خسێنن

به‌پێی پرۆژه‌یه‌كی هاوبه‌شی نێوان ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و ده‌زگای GIZی ئه‌ڵمانی كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ره‌خساندنی هه‌لی كار به‌دروشمی (پاره‌ به‌رامبه‌ر به‌ كار) بۆ هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ڵمه‌تی بۆیاخكردن و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی 27 قوتابخانه‌ له‌سنوری هه‌ردوو پارێزگای هه‌ولێرو دهۆك به‌ڕێوه‌ ده‌بات و تیایدا 1210 كه‌س له‌و پرۆژه‌یه‌دا به‌شدارده‌بن كه‌ بۆ ماوه‌ی 40 رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت.

ماوه‌ی زیاتر له‌ مانگێكه‌ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌زگای GIZی ئه‌ڵمانی ئه‌مساڵ پرۆژه‌یه‌كی هاوبه‌ش بۆ ره‌خساندنی هه‌لی كار بۆ هاوڵاتیان و كه‌مده‌رامه‌تان له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌سنوری هه‌ردوو پارێزگای هه‌ولێرو دهۆك به‌رێوه‌ ده‌بات و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ دانیشتوانی هه‌ردوو پارێزگاكه‌ پشكداری له‌ هه‌ڵمه‌تی بۆیاخكردنه‌وه‌و نۆژه‌نكردنه‌وه‌و خاوێنكردنه‌وه‌و رێكخستنه‌وه‌ی باخچه‌ی قوتابخانه‌كان و لابردنی زبڵ و خاشاك و چاككردنه‌وه‌ی بۆری ئاو ئاوڕۆو چاككردنه‌وه‌ی ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌ ده‌گرێته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ چۆنێتی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و پرۆژه‌ گرنگه‌ كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری هاوڵاتی هه‌ژار سوودمه‌ند ده‌بن، موسا ئه‌حمه‌د جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد: ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌رده‌وام له‌نێو كه‌مپه‌كاندا هه‌وڵی ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی هه‌لی كار بۆ ئاواره‌و په‌نابه‌ران بدات و به‌رده‌وام كاری بۆ خاوه‌ن پیشه‌و شاره‌زا له‌بواره‌ جیاجیاكاندا بدۆزێته‌وه‌. ئه‌مساڵ له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی پرۆسه‌ی خوێندن له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ده‌زگای GIZی ئه‌ڵمانی كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ره‌خساندنی هه‌لی كار بۆ هاوڵاتیانی كه‌مده‌رامه‌ت و بێكار له‌ كوردستان، پرۆژه‌یه‌كی گرنگمان ئه‌نجامداوه‌. سه‌باره‌ت به‌ گرنگی ئه‌م پرۆژه‌یه‌و چۆنێتی به‌شداری هاوڵاتیانی كوردستان و ئاواره‌ له‌و پرۆژه‌یه‌دا، جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد: ئه‌م پرۆژه‌یه‌ گشتگیره‌، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌لی كاری بۆ هاوڵاتیانی ناوخۆی كوردستان و ئاواره‌و په‌نابه‌ریش ره‌خساندوه‌، بۆ نمونه‌ له‌پرۆژه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی 27 قوتابخانه‌دا 40%ی هه‌لی كار بۆ هاوڵاتیانی كه‌مده‌رامه‌تی كوردستانه‌، هاوكات بۆ ئاواره‌كانیش 30% و بۆ په‌نابه‌رانی رۆژئاوای كوردستانیش به‌هه‌مانشێوه‌ 30% ده‌رفه‌تی به‌شداریكردنیان له‌و پرۆژه‌یه‌دا هه‌یه‌.

سه‌باره‌ت به‌ چۆنێتی ئیشوكاره‌كانی پرۆژه‌كه‌ش، موسا ئه‌حمه‌د ئاماژه‌ی به‌وه‌كردوه‌، ئه‌م پرۆژه‌ له‌چه‌ند رووێكه‌وه‌ گرنگی و سودی خۆی هه‌یه‌ له‌وانه‌، پرۆژه‌كه‌ بۆ دووباره‌ بیاخكردن و خاوێنكردنه‌وه‌و رێكخستنه‌وه‌ی باخچه‌و لابردنی زبڵ و خاشاك و چاككردنه‌وه‌ی بۆڕی ئاو و ئاوه‌ڕۆو چاككردنه‌وه‌ی ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌یه‌ كه‌ دواجار مامۆستایان و قوتابیانی خۆشه‌ویست لێی سوودمه‌ند ده‌بن، هه‌روه‌ها رووێكی تری سوودی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لایه‌نی ته‌ندروستی قوتابیان پارێزراو ده‌بێت له‌و نه‌خۆشیانه‌ی كه‌ به‌هۆی پیسبون و تێكچونی ئاو و ئاوه‌ڕۆوه‌ دروست ده‌بن، هه‌روه‌ها لایه‌نی ئابووریش بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌شدارییان له‌ پرۆژه‌كه‌دا كردوه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وانیش بۆماوه‌ی ئه‌و 40 رۆژه‌ سوودێكی باش له‌ وه‌رگرتنی بڕه‌ پاره‌یه‌ك وه‌رده‌گرن و به‌مه‌ش بۆ باری ئابووری خێزانه‌كان باشتره‌.