Mobile menu

ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و unicef پرۆتۆكۆڵێكی گرنگ ئیمزا ده‌كه‌ن

تایبه‌ته‌ منداڵان و‌ دووباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا

به‌مه‌به‌ستی هاوكاریكردنی زیاتری منداڵانی ئاواره‌و په‌نابه‌ر و كه‌مده‌رامه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان، هه‌ردوو ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و ئاژانسی unicef هه‌ڵده‌ستن به‌ دابه‌شكردنی پێداویستی منداڵان و هه‌روه‌ها دووباره‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی بؤڕی و مه‌جاری و ئاوه‌ڕۆ و دانانی ته‌والێت و حه‌مام له‌ناوچه‌ تازه‌ ئازادكراوه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا، پرۆتۆكۆلێكی هاوبه‌ش له‌پارێزگای دهۆك ئیمزا ده‌كه‌ن، به‌پێی پرۆتۆكۆله‌كه‌ به‌هۆی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانیان (28.000) كه‌س سودمه‌ند ده‌بن، له‌گه‌ڵ سودمه‌ندبوونی (30.000) منداڵ له‌خوار ته‌مه‌نی 14 ساڵی.

رێككه‌وتی 5/2/2017 به‌مه‌به‌ستی هاوكاریكردن و دابینكردنی پێداویستی منداڵانی ئاواره‌و په‌نابه‌رو كه‌مده‌رامه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان و پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییانه‌ی كه‌ به‌هۆی ناله‌باری بارودخۆی سیاسی و سروشتیه‌وه‌ رووبه‌ڕووی منداڵان ده‌بنه‌وه‌، له‌ پارێزگای دهۆك به‌ ئاماده‌بوونی موسا ئه‌حمه‌د جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و رۆبرت ئودۆنگ به‌رپرسی سێكته‌ری وۆش و دینی به‌رپرسی یونسێف  له‌ڕێوڕه‌سمێكدا ئیمزاكرا، به‌پێی ئه‌و پرۆتۆكۆله‌، سه‌رجه‌م ئه‌و كارو چالاكیانه‌ی كه‌ ئاژانسیunicef بۆ منداڵان و دووباره‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ له‌ڕووی  ئه‌نجامده‌درێت له‌ڕێگه‌ی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانییه‌وه‌ به‌سه‌ر منداڵاندا دابه‌ش ده‌كرێت.

له‌و باره‌یه‌وه‌ موسا ئه‌حمه‌د جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی رایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ خۆشحاڵین له‌گه‌ڵ ئاژانسی unicef له‌چه‌ند بوارێكدا كاری هاوبه‌ش ئه‌نجامده‌ده‌ین، كه‌ زۆربه‌ی ئه‌و كارانه‌ی ده‌یكه‌ین بۆ خزمه‌تكردنی منداڵان و ئه‌و ئاوارانه‌یه‌ كه‌ تازه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانیان و پێویستیان به‌ خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان هه‌یه‌. جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی راشیگه‌یاند: ئه‌م پرۆژه‌ هاوبه‌شه‌ خۆی له‌ چه‌ند ته‌وه‌رێكدا ده‌بینێته‌وه‌، له‌وانه‌ به‌هۆی كاری دووباره‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌وه‌ (28.000) كه‌س سودمه‌ند ده‌بن كه‌ له‌ پرۆژه‌ی وۆش واتا: دووباره‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی بؤڕی و مه‌جاری و ئاوه‌ڕۆ و دانانی ته‌والێت و حه‌مام له‌ناوچه‌ تازه‌ ئازادكراوه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا ده‌گرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها لایه‌نی دووه‌میش دابه‌شكردنی جلوبه‌رگ و پێداویستیه‌ به‌سه‌ر (30.000) منداڵ له‌خوار ته‌مه‌نی 14 ساڵی دابه‌ش ده‌كرێت. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: بۆ راپه‌ڕاندنی هه‌ردوو پرۆژه‌كه‌ كه‌ بۆ ماوه‌ی 6 مانگ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، بڕی (2024817) دۆلاری ئه‌مه‌ریكی ته‌رخانكراوه‌.