قۆناغی سێیەمی پرۆژەی چاودێری ئازیزان لە سلێمانی

٨٥٢ منداڵە شەهید لە سلێمانی مانگانە هاوکاری ماددیان بۆ دابین دەکرێت

دەزگای خێرخوازیی بارزانی قۆناغی سێیەمی پرۆژەی چاودێری ئازیزانی راگەیاند، لەم قۆناغەدا ٥ هەزار منداڵی شەهیدانی دەستی داعش هاوکاری ماددیان بە سپۆنسەری وڵاتانی کوێت و سعودییەوە بۆ دابین دەکرێت.

دوای ئەوەی قۆناغی سێیەمی پرۆژەکە لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک راگەیەندرا، ئەمڕۆ رێکەوتی ٩/٣/٢٠١٧ لە شاری سلێمانی لە مەراسیمێکی تایبەتدا بە ئامادەبوونی ''موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و شێخ  ئەتهەم بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دێموکراتی کوردستانی پارێزگای سلێمانی و محەمەدی حاجی مەحموود فەرماندەی هێزی پێشمەرگە''هاوکاری کردنی مانگانەی ٨٥٢ منداڵە شەهید'' لە چوار چێوەی پرۆژەکەدا راگەیەندرا.

محەمەدی حاجی مەحموود لە مەراسیمەکەدا چەند وتەیەکی پێشکەشکرد و بەرێزیان ئاماژەیان بە قوربانی دانی هێزی پێشمەرگەدا و رۆڵی دەزگای خێرخوازیی بارزانییان بەرزنرخاند لە گەیاندنی هاوکاری و پشتیوانی جگەرگۆشەکانی شەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان و وتی: ''دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەوشێوەیە پشتیوانێکی بەهێزی کەسوکاری شەهیدانە و پێشنیاردەکەم لە داهاتوودا ئەرکی پێگەیاندنی منداڵەکەنیان بە ئەستۆبگرێت و هەوڵبدات تواناکانیان لە بوارە جیاوازەکاندا بەرەوپێشەوەببات کارییان بۆ بدۆزێتەوە''.

دواتر وتارەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دێموکراتی کوردستان لە پارێزگاکانی هەلەبجە و سلێمانی لەلایەن فازڵ بەشارەتییەوە پێشکەش کرا، لە پەیامەکەدا سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرا کە لەم دۆخە قەیرانەی کە توشی هەرێمی کوردستان بووە ئەرکی هاوکاری کردنی منداڵە شەهیدەکانی بەبێ جیاوازی لە سەرتاسەری کوردستاندا وەئەستۆ گرتووە.

مامۆستا بەهائەدین نەقشبەندی سەبارەت بەگرنگی هاوکاری کردن و یارمەتی دانی بێباوکان و بەتایبەتی منداڵانی ئازیز وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: بەئەستۆ گرتنی بەخێوکردنی منداڵانی بێباوک پیرۆزییەکی ئایینیە و دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەباشی ئەو ئەرکە ئاینییەی وەئەستۆ گرتووە''.

پاشان موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەبارەت بە پرۆژەی چاودێری ئازیزان و پرۆژەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە خزمەتکردنی منداڵانی بێباوک بەتایبەتی منداڵانی شەهیدان وتی: ''سەرجەم منداڵانی شەهیدانی دەستی داعش لەم پرۆژەیەدا سودمەند دەبن کە ژمارەیان ٥ هەزار ئازیزە و وڵاتانی سعودییە و کوێت سپۆنسەری پرۆژەکە دەکەن و کۆی منداڵانی سودمەندبووی پرۆژەکە ١٧ هەزار منداڵی بێباوکە''، لە درێژەدا وتیان: ''پلانمان بۆ داهاتوو منداڵەکان هەیە و هەوڵ دەدەین کە لە دۆزینەوەی هەلیکار و پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە تەمەنی پێگەیشتندا پشتیوانی سەرەکییان بین''.

 

رێکەوتی ٧/٣/٢٠١٧ لە شاری هەولێر و دهۆک مەراسیمی دەسپێکی قۆناغی سێیەمی پرۆژەی چاودێری ئازیزان بە بەشداری نوێنەرانی وڵاتان، لایەنە سیاسیەکان، کۆمپانیا و  رێکخراوەکان و ئامادەبوونی کەسووکاری ئازیزان (منداڵانی بێباوک) بەڕێوەچوو و ئەمرۆش لە سلێمانی لە مەراسیمێکی هاوشێوەدا پرۆژەکە چووە بواری جێبەجێکردن.

 

پرۆژەی چاودێريی ئازیزان لە ساڵی ٢٠١١ەوە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە راگەیەندراوە و لەو کاتەوە هەتا ئێستا ١٧ هەزار منداڵی بێباوک لەو پرۆژەیە سودمەند بوون. لە قۆناغی سێیەمی پرۆژەکەدا ٥ هه‌زار منداڵی بێباوك لە هەرێمی کوردستان مانگانە بە سپۆنسەری وڵاتانی کوێت و سعودییە هاوکاریی مادییان بۆ دابین دەکرێت.