Mobile menu

پێداویستی ته‌ندروستی بۆ نه‌خۆشخانه‌كانی شه‌قڵاوه‌ و راپه‌ڕینی هه‌ولێرو زوممار دابین ده‌كرێت

به‌مه‌به‌ستی هاوكاریكردنی كه‌رتی ته‌ندروستی له‌ هه‌رێمی كوردستان، گروپی هاوكاری ئیڤڵ HILFSGRUPPE EIFELی ئه‌ڵمانی كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ هاوكاریكردنی منداڵاتی توشبوو به‌ نه‌خۆشیه‌كانی شێرپه‌نجه‌، به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی ده‌یان جۆر له‌ كه‌ره‌سته‌و ده‌رمان و پێداویستی ته‌ندروستی بۆ نه‌خۆشخانه‌كانی شه‌قڵاوه‌و راپه‌ڕینی منداڵان له‌ هه‌ولێر و نه‌خۆشخانه‌ی زوممار دابین ده‌كات.

له‌درێژه‌ی هاوكاریكردنی كه‌رتی ته‌ندروستی له‌ هه‌رێمی كوردستان، ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی هه‌وڵده‌دات له‌ڕێگه‌ی رێكخراو و ده‌زگاو وڵاتانی هاریكاربه‌خشه‌وه‌ كۆمه‌ك و هاوكاری ته‌ندروستی بۆ نه‌خۆشخانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دابین بكات، له‌و میانه‌شدا به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ گروپی هاوكاری ئیڤڵ HILFSGRUPPE EIFELی ئه‌ڵمانی كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ هاوكاریكردنی منداڵاتی توشبوو به‌ نه‌خۆشیه‌كانی شێرپه‌نجه‌ له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی جیا هه‌ڵمه‌تی دابینكردنی پێداویستیه‌ ته‌ندروستیه‌كانیان ده‌ستپێكرد، له‌و میانه‌شدا بۆ دوو نه‌خۆشخانه‌ی شارۆچكه‌ی شه‌قڵاوه‌ ئه‌م پێداویستیانه‌یان دابینكرد له‌وانه‌: 10 قه‌ره‌وێڵه‌، 1 تۆن شامپۆ، 2 كورسی گه‌وره‌ی نه‌شته‌رگه‌ری، 6 عاره‌بانه‌ی ویلچێر و چه‌ندین پێداویستی دیكه‌ی ته‌ندروستیان دابینكرد. له‌لایه‌كی دیكه‌ له‌شاری هه‌ولێر، له‌هه‌مان هه‌ڵمه‌تدا بۆ نه‌خۆشخانه‌ی راپه‌ڕینی منداڵان، هه‌ستان به‌ دابینكردنی 20 قه‌ره‌وێڵه‌و دۆشه‌ك و 1 تۆن شامپۆو پێداویستی دیكه‌ی ته‌ندروستی، هه‌ر له‌هه‌مانكاتدا له‌شاره‌دێی زوممار و ده‌رووبه‌ری له‌سنوری پارێزگای نه‌ینه‌وا، هه‌ستان به‌ دابینكردنی 30 عاره‌بانه‌ی ویلچێر و 10 قه‌ره‌وێڵه‌و 1 تۆن شامپۆ و پێداویستی جۆراوجۆری تری ته‌ندروستی.

شایانی باسه‌، ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌ساڵانی رابردوودا به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ رێكخراو و وڵاتانی هاریكاربه‌خش چه‌ندین هه‌ڵمه‌تیان بۆ دابینكردنی پێداویستیه‌ ته‌ندروستیه‌كان له‌سه‌رجه‌م شارو شارۆچكه‌كانی كوردستان به‌ڕێوه‌بردوه‌و به‌و هۆیه‌وه‌ توانیویه‌تی كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی نه‌بونی پێداویستی له‌ نه‌خۆشخانه‌كاندا پڕ بكاته‌وه‌.