Mobile menu

ئێمە کێین؟

ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی دەزگایەکی ناحكومیی و ناسیاسی و قازانج نەویستە له‌ ساڵی 2005 له‌ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان دامه‌زراوه‌و به‌ڕێز مه‌سرور بارزانیسه‌رۆكی بۆردی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانییه‌و راسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتیاری كاره‌كانی ده‌زگا ده‌كات.

ده‌زگا بۆ ده‌ستپێكی ئیش و كاره‌ خێرخوازییه‌كانی، مۆڵه‌تی كاركردنی له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌چوارچێوه‌ی رێكخراوه‌ ناحكومیه‌كان وه‌رگرتوه‌. به‌هۆی فراوانبونی كارو چالاكیه‌كان و به‌هاناوه‌چونی ئاواره‌و په‌نابه‌ران له‌ سنوره‌كان و ناوخۆی هه‌رێمی كوردستاندا وایكرد رێكخراوه‌ جیهانیه به‌ناوبانگه‌‌كان په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌وی له‌گه‌ڵدا ببه‌ستن و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی زیاتر له‌نێوان هه‌ردوولادا دروست ببێت. به‌ره‌وپێشچوونی په‌یوه‌ندییه‌كان و به‌ڕێكخراوه‌ییبوونی ئیشوكاره‌كانی ده‌زگا بوه‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی مانگی 4ی 2016ی كارگێڕی و هه‌ماهه‌نگی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، بڕیار درا ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی وه‌كو رێكخراوێكی ناحكوومی ببێت به‌ ئه‌ندامی راوێژكاری تایبه‌ت له‌ ئه‌نجوومه‌نی ئابووری كۆمه‌ڵایه‌تی (ئیكۆسۆك- ECOSOC)ی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی له‌ بنه‌ڕه‌تدا کار بۆ گه‌یاندنی هاوكاری بۆ خه‌ڵكی لێقه‌وماو و كه‌مده‌رامه‌ت و ئاواره‌ و په‌نابه‌ر ده‌كات. گرنگی به‌ پەرەپێدانی بواری پەروەردە (بەتایبەتی پەروەردەی منداڵان) و باشتركردنی ره‌وشی ته‌ندروستی و دابینكردنی پێداویستی خاوه‌ن پێداویستیه‌ تایبه‌تیه‌كان له‌ كوردستان ده‌دات.

هەروەکو چۆن دەزگای خێرخوازی بارزانی بەناوی (بارزانیی نەمر)ەوە (١٩٠٣-١٩٧٩) ناونراوە، وتەیەکی ئەو کەسایەتیە سیاسی و نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی و مێژووییەیه‌ کە دەڵێ (شانازییه‌ بۆ مرۆڤ خزمه‌تكاری میلله‌تی خۆی بێت) فەلسەفەی کاری دەزگاکە پێکدێنێت. لێرەوە، سه‌نته‌ری پرۆژه‌ خێرخوازییه‌كانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی (مرۆڤه‌). بۆیه‌ له‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌و سنوورێکی جوگرافیدا مرۆڤه‌كان پێویستیان به‌ هاوكاری مرۆیی هه‌بێ له‌ سێكته‌ره‌كانی (خۆراكی، په‌روه‌رده‌، رۆشنبیری، ته‌ندروستی، كۆمه‌ڵایه‌تی و هونه‌ری) ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌ ئه‌ركی خۆی زانیوەو دەزانێت کە هاوکاری پێشکەش بکات‌ و كه‌مته‌رخه‌می نه‌كردووه‌.

له‌ ئه‌نجامی نه‌بوونی ده‌زگایه‌كی خێرخوازیی خۆماڵی له‌ كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی هاوكاری خه‌ڵكی هه‌ژارو كه‌مده‌رامه‌تی كوردستان بكات، دامه‌زراندنی (ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی) پێویستیه‌كی هه‌نوكه‌یی بوو. جگە لەوە، لەدوای تێکچوونی باری ئارامی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و وڵاتی سوریای دراوسێ، په‌نابه‌رو ئاواره‌كان پێویستی زۆریان به‌ هاوکاری هەبووە وەکو (خۆراك و جلوبه‌رگ و داووده‌رمان و كه‌ره‌سته‌ی ته‌ندروستی...هتد). ئه‌م ده‌زگایه‌ له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه‌ ئه‌و بۆشاییانه‌ی پڕكردۆته‌وه‌و رۆژ له‌دوای رۆژ به‌ به‌رنامه‌ی پێشكه‌وتووتر و له‌سێكته‌ری جۆراوجۆردا خزمه‌تی به‌و كه‌سانه‌ كردووه‌ كه‌ پێویستیان بە خزمه‌تكردن بووە.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م ئه‌ركه‌ پیرۆزه زیاتر پشتی به‌ خه‌ڵكی خێرخواز و مرۆڤدۆستی كوردستان به‌ستووه‌، ده‌توانین بڵێین به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌کی خه‌ڵكی خێرخواز و ده‌وڵه‌مه‌ندی كوردستان هاوکاری ماڵی (فه‌ند)ی پرۆژه‌كانی ئه‌م ده‌زگایه‌ ده‌كه‌ن كه‌ جێگه‌ی ده‌ستخۆشی و پێزانیینه‌. هه‌روه‌ها به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ئاژانسه‌كانی نەتەوە یەکگرتوەکان و رێكخراوه‌ خێرخوازیی و مرۆییە‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و وڵاتانی هاریكاربه‌خش رۆژانه‌ یارمه‌تی مرۆیی پێشكه‌شی په‌نابه‌رو ئاواره‌كانی وڵاتانی سووریاو عێراق ده‌كه‌ین.

ئۆفێسی سه‌ره‌كی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌ هه‌ولێره‌ و سه‌رپه‌رشتی (13) كه‌مپ له‌ سنوری پارێزگای هه‌ولێر به‌هاوكاری ده‌سته‌ی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان له‌ هه‌ولێر ده‌كات. ئۆفیسی له‌ پارێزگاكانی (دهۆك، هه‌ولێر، سلێمانی، گه‌رمیان، شنگال)ش هه‌یه‌. هه‌روەها له‌ پارێزگای كه‌ركوك و سه‌رجه‌م كه‌مپه‌كاندا ئۆفێس، سه‌نته‌ر، یان نوێنه‌ری هه‌یه‌. کارو چالاكیه‌كانمان له‌ لایه‌ن تیمێكی پرۆفیشناڵ و شارەزاوە‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت.