بەمەبەستی زیاتر روونکردنەوەی کاروچالاکییەکان و ناساندنی ئامانجەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، شاندێک بە سەرپەرشتی بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەردانی رەوەندی کوردی لە هەردوو وڵاتانی فەڕەنسا و سویسڕای کرد.

رێکەوتی ١٤/١٢/٢٠١٨ سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەگەڵ رەوەندی کوردی لە فەڕەنسادا کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بارودۆخی مرۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دۆخی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان کرا و جەخت لەسەر گەیاندنی دەنگی لێقەوماوان و پەیامی مرۆیی بە رێکخراوە هاریکاربەخشەکانی فەڕەنسا و نوێنەرایەتی کردنیان کرایەوە.

رۆژی دواتر رێکەوتی ١٥/١٢/٢٠١٨ شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە سەرپەرشتی سەرۆکی دەزگا سەردانی رەوەندی کوردی لە سوسڕادا کرد و لەلایەن دانیشتوانی کوردی ئەو وڵاتەوە پێشوازییان لێکرا. لەم دیدارەدا هاوشێوەی دیداری پێشوو باس لە گرنگی رۆڵی کوردانی دانیشتووی ئەو وڵاتە لە گەیاندی دەنگی لێقەوماوان بە رێکخراو و ناوەندە مرۆیی و هاریکار بەخشەکان کرایەوە.