دەزگای خێرخوازیی بارزانی و رێکخراوی OWMM هەڵمەتێکی بەرفراوانی هاوکاریکردنی نەخۆشخانەکانیان لە نەینەوا و هەرێمی کوردستان بەڕێوەبرد. لەم هەڵمەتەدا پێداویستی پزیشکی گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی حەمدانیە لە پارێزگای موسڵ و نەخۆشخانەی تەلسقۆف و نەخۆشخانەکانی فریاکەوتنی رۆژئاوا، فریاکەوتنی رۆژهەڵات و نانەکەلی لە هەولێر.

ئەمڕۆ رێکەوتی ٣٠/١٠/٢٠١٨ دەزگای خێرخوازیی بارزانی و رێکخراوی ”One World Medical Mession” بە مەبەستی باشترکردنی کەرتی تەندرووستی لە ناوچەکەدا پێداویستی پزیشکییان بۆ هەرسێ نەخۆشخانەکانی فریاکەوتنی رۆژئاوا، فریاکەوتنی رۆژهەڵات و نانەکەلی لەپارێزگای هەولێر دابین کرد.

هەردوو رێکخراو لە چەند رۆژی رابردووەوە هەڵمەتێکی هاوکاریکردنی نەخۆشخانەکانیان دەستپێکردووە کە تیایدا هەریەک لە نەخۆشخانەی گشتی حەمدانیە لە موسڵ و نەخۆشخانەی تەلسقۆف پێداویستی پزیشكی و پێداویستی کەمئەندامانیان پێشکەش کراوە، هەروەها دەزگا و رێکخراوی ناوبراو کورسی تایبەتی پزیشکی ددانیان پێشکەش بە نۆرینگە تەندرووستییەکانی کەمپی حەسەنشام کردووە.

لە درێژەی ئەم پڕۆژەیەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و رێکخراوی ”One World Medical Mession” پێداویستی پزیشکی دەگەیەنرێتە نەخۆشخانەی هیوا لە پارێزگای سلێمانی.